Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری هەولێر لە ڕێگەی KDPیەوە باسی پڕۆژەیەکی گرینگ و ستراتیژی دەكات

هه‌ولێر-KDP.info- پارێزگارى هەولێر دەڵێت، پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر پێکهاتووە لە 8 زۆن و پڕۆژەیەکی گرنگى و ستراتیژیە و بە فەرمان و ڕاسپاردەی، سەرۆکى حکوومەت، لە پێناو کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانى شارى هەولێردا بڕیاری لێدراوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، پەیوەست بە پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر تایبەت به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، "بۆ جێبەجێکردنى زۆنێک لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر، ئامادەکارییەکانمان بە هاوبەشى ڕێکخراوى UNDP قۆناغی باشی بڕیوە و پڕۆژەکەش، پێکهاتووە لە 8 زۆن و پڕۆژەیەکی گرینگ و ستراتیژیە بۆ شاری هەولێر و بە فەرمان و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانى شارى هەولێردا بڕیاری لێدراوە.

پارێزگارى هەولێر ووردەكاری زیاتری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی خستەڕوو گوتی، "پشتێنەی سەوزاییی هەولێر، پرۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەکە 2 کیلۆمەترە، لەگەڵ دروستکردنى زیاتر لە 10 پۆند، بڕیارە لەو پڕۆژەیەدا داری زەیتوون و فستق بچێنرێن.

ئومێد خۆشناو گوتیشی، "ئامانج لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنه‌یه‌ت.