کەرکووک-KDP.info- شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، سەردانی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی ئیسلامی عێراقی کرد، لە دانیشتنەکەی نێوانیاندا جەخت لە گرنگی تەبایی نێوان ھەموو پێکھاتەکان و حزب و لایەنە سیاسیەکان کرایەوە.
ئەمڕۆ ١-٧-٢٠٢٥، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە سەرۆکایەتی ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بارەگای (حزبی شیوعی کوردستان)یان کرد لە شاری کەرکووک و لەلایەن (دڵشاد حەساری) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەند و بەرپرسانی باڵای حزبی شیوعی کوردستان لە کەرکووک پێشوازیان لێکرا.
سەردانەکە بەمەبەستی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی نێوان ھەردوولایەن بوو بۆ بەرژەوەندی زیاتری گەلی کوردستان، لە دانیشتنەکەدا ھەردوولایەن ھاوڕابوون کە پێویستە کەرکووک مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێ بەپێی ئەو تایبەتمەندیە جیاوازەی کە ھەیەتی و گرنگە مشورەت و ھەماھەنگی ھەبێت لەنێوان لایەنە سیاسیەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکان پەیوەست بە پرسە نیشتمانیەکان.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن سەردانی بارەگای (حزبی ئیسلامی عێراقی) کرد لە شاری کەرکووک و لەلایەن (حاجی خالید) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووک و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە لە کەرکووک پێشوازیان لێکرا.
لە سەردانەکەدا بەشێوەیەکی گشتی باس لە بارودۆخی عێراق و بەتایبەت شاری کەرکووک و دەوروبەری کرا، ھەروەھا بۆچوونی تایبەتی ھەردوو حزب خرایە ڕوو لەسەر تایبەتمەندیەکانی کەرکووک و گرنگی ھەبوونی ھەماھەنگی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەپێناو بەرژەوەندی باڵای ھەموو پێکھاتەکان و پتەوکردنی پەیوەندیەکان بەشێوەیەکی گشتی.
