ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٦/٣٠ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و ھەروەھا بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دەرفەتی وەبەرھێنان و بازرگانی بۆ کۆمپانیا فەڕەنسییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕ کرا.
ھەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە دوا پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرا و لەمبارەیەوە ھەردوولا گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیان دووپات کردەوە و داکۆکییان لە پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردەوە.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی جێی بایەخی ھاوبەش، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.