هه‌ولێر -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی ده‌ڵێ "تا ئێستا 63%ی هاووڵاتییان فۆرمی نوێی خۆراكیان پڕكردووەته‌وه، سەبارەت بە هاووڵاتییانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌توانن فۆرمی خۆراك دروست بكه‌ن."
نه‌وزاد شێخ كامیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی به ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی ئه‌لیكترۆنی خۆراك به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه ده‌چێت، تا ئێستا 63%ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوونه و فۆرمی ئه‌لیكترۆنی خۆراكیان پڕكردووەته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه خاوه‌ن فۆرمی نوێ، پرۆسه‌كه له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام ده‌بێت هاووڵاتییان په‌له بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تا كات ماوه بتوانن به‌شداری بكه‌ن."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی ده‌شڵێت "كۆتا ڕۆژ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی نوێی خۆراك پێنجی مانگی داهاتووه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین ماوه‌كه بۆ حه‌فته‌یه‌ك تا 10 ڕۆژ درێژ بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی زۆرترین هاووڵاتی سوودمه‌ندبن له فۆرمی نوێی خۆراك."
له‌باره‌ی هاووڵاتییانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد شیخ كامیل گوتی "ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن ناتوانن ئێستا به‌شداری بكه‌ن و فۆرمی نوێی خۆراك دروست بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر كاتێك گه‌ڕانه‌وه، ده‌توانن به‌شداری بكه‌ن و مافیان نافه‌وتێت، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك دوای گه‌ڕانه‌وه بۆی هه‌یه ببێته خاوەنی فۆرمی نوێی خۆراك و ئه‌و لینه‌كه‌ی ئێستا هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ناكرێته‌وه."
قائید میرۆ