سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا وەبەرھێنەرێکی زۆر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ڕوو لە سۆران دەکەن، کە تا ئێستا ٢٠ پڕۆژە بە سەرمایەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە.
دلیڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی سۆران بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، خەڵکێکی باش لە وەبەرھێنەران ھاتوون پڕۆژە ئەنجام بدەن و تا ئێستا ٢٠ پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە بە سەرمایەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، کە ٨٠%ی پڕۆژەکانیش گەشتیارین و ئەوانەی دیکە پیشەسازی و تەندروستی و پەروەردە و کشتوکاڵی و بازرگانی و بانکن و بەردەوامیش وەبەرھێنەری تازە دێن، بەتایبەت بەھۆی ئەو ئاسانکاریەی حکوومەت بۆ وەبەرھێنەران دەیکات، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەندێک بڕیاری دا بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرھێنەران بکرێت، لەوانە لێخۆشبوونی باج و رسومات بۆ وەبەرھێنەران دەرکراوە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان، بۆیە ئەوەی پڕۆژە بکات ھاوکاریی زۆری دەکرێت.
دلیڤان عومەر گوتیشی، لە ئێستادا زیاتر وەبەرھێنەری ناوخۆ دێنە سۆران و ئێستا پڕۆژەیەکی گەشتیاریمان ھەیە وەبەرھێنەری بیانیش دێن و لە پڕۆژەی تازەش داواکارییان پێشکەش کردووە، هەروەها پڕۆژەیەکی گەشتیارییش ھەیە سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لێداوە، کە پڕۆژەیەکی گەورە و سەردەمیانەیە و بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بۆیە لە ئێستادا کەرتی وەبەرھێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام لە گەشەدایە.
بڵند ئیبراھیم