Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە لیستی ناوی کاندیدان بکرێت

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 10 لایەنی سیاسیی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆمیسیۆن ناونووس کردووە، دەشڵێت، 10 لایەنی سیاسیی لە پارێزگای دهۆک خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی 11ـی 11ـی ئەمساڵ.

ئه‌مڕۆ خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کورسییەکانی پەرلەمانیی پارێزگای دهۆک 11 کورسین کە 8 لەو کورسیانە بۆ پیاوانن، 3 کورسی دیکەش بۆ ئافرەتانن، بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023ـیش، سێ کورسی بۆ کۆتاکان دەبێت لە پارێزگاکە.

خالید عەباس گوتی، "لە 26ـی حوزەیران، قۆناغی وەرگرتنی ناوی لیست و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆتایی هات، دوێنێ ناوی ئەم کاندیدانە ڕەوانەی بەغدا کران.

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاشکرای کرد، "ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە لیستی ناوی کاندیدان بکرێت بەهۆی ئەوەی ئێستا پشکنین و هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ناوەکان دەکرێت، ئەگەری هەیە ڕێژەی ئافرەتیش زیاد بکرێت، دواتر ناوەکان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ کاندید و لایەنێکی سیاسیی بۆی نییە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات تاوەکو ناوەکان پەسەند نەکرێن و ماوەی دیاریکراو ئاشکرا نەکرێت بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن.

دەشڵێت، "لە ئۆفیسی پارێزگای دهۆک لێژنەی تایبەت هەیە بۆ تۆمارکردنی هەر سەرپێچییەک لە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن لەلایەن کاندید و لایەنە سیاسییەکان.

خالید عەباس ئاشکرای کرد، "10 لایەنی سیاسیی لە پارێزگای دهۆک خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی 11ـی 11ـی ئەمساڵ، ئەوانیش (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرەی گەل، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕەوتی هەڵوێست، سۆشیالیست، نەوەی نوێ، ڕەوتی بابلیۆن، ڕەوتی نیشتمانی ئاشووری)، دەڵێت: 61 کاندید لە پارێزگای دهۆک هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگ دەدەن لە پارێزگاکە، 40 لەو کاندیدانە پیاون، 21 کاندیدی دیکەش ئافرەتن، 5 کەس بۆ کورسی کۆتاکان کاندید کراون کە سێ پیاو و دوو ئافرەتن، دوو کەسیش سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە.