ھەولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانووبه‌ره‌ی میری ده‌ڵێ، لیژنه‌یه‌كی باڵا و ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی دیكه بۆ تاپۆكردنی یه‌كه‌كانی وه‌به‌رهێنان پێكهاتوون و كار له‌سه‌ر تاپۆكردنی شوقه و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون ده‌كه‌ن.
د. لوقمان عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانووبه‌رەی میری، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، "به فه‌رمانی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی باڵا و ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی لاوه‌كی بۆ تاپۆكردنی یه‌كه‌كانی وه‌به‌رهێنان پێكهاتوون و ئه‌و لیژنه باڵایه و لیژنه‌كانی دیكه‌ش له ئێستادا كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌موو یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان تاپۆ بكرێن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانووبه‌ری میری گوتیشی، "پرۆسه‌كه ده‌ستی پێكردووه و له‌هه‌ندێ شوێن یه‌كه تاپۆكراون، به‌ڵام هیشتا به‌پێی خواستی ئێمه نیه و ده‌مانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ده‌ست به تاپۆكردنی هه‌موو ئەو شوقه و ڤێلا و خانوانه بكه‌ین كه له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان دروستكراون.
د. لوقمان عومه‌ر دەشڵێ، "تاپۆكردنی ئه‌و یه‌كانه كاریگه‌ریه‌كی زۆری ده‌بێت، چونكه خاوه‌ن یه‌كەكان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی ده‌بنه خاوه‌ن شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان و له‌ڕووی نرخیشه‌وه كاریگه‌ریان ده‌بێت، هه‌روه‌ها جووڵه ده‌خاته بازاڕ، چونكه هه‌ریه‌كه‌یەك تاپۆ بكرێت ئه‌وه كڕیار زیاتر خواستی له‌سه‌ره و لێی دڵنیایه ده‌بێته موڵكی خۆی.
قائید میرۆ