کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ 19ی حوزەیرانی 2025 هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازییان لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (د.محەمەد ئەلحەسان) و شاندی یاوەری کرد.
هەریەک لە بەڕێزان (د. شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک لە کەسایەتی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی و کادرانی حزب و بەڕێز سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێشوازی شاندی ئامادەبوون.
دوای ڕێز و پێزانین بۆ سەردانی بەڕێزیان، لە دیدارەکەدا باس لە بەیەکەوە ژیان و کاری بەیەکەوەیی و هەستیاری پێکهاتەی شاری کەرکووک کرا و هەردوو لایەن جەختیان لە گرنگی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق کردەوە کە تاکە دەرچەی ڕزگاربوونی عێراقە لەو گیروگرفتە یاسایی و سیاسیانەی تێیکەوتووە بە تایبەتیش لە شاری کەرکووک.
هەردوو شاند هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ شاری کەرکووک بکرێت و گیروگرفتەکانی شارەکە لەڕێگەی دەستوور و یاساوە چارەسەر بکرێن.
لەلایەن شاندی پارتیمانەوە جەختکرایەوە کە گرنگە هەموو نەتەوەکان بەشداربن لە ئیدارەدانی شاری کەرکووک، لەهەرشوێنێک نا دادپەروەریەک هەبێت دەبێت ڕاست بکرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک هەست بە پەراوێز خراوی نەکات بەپێی زۆری و کەمی دانیشتوانەکەی.
شاندی پارتیمان ڕایانگەیاند کە لە ئێستادا کورد لە پۆستە ئیداریەکانی ناو شاری کەرکووک و قەزا ناحیەکانی غەدرێکی زۆری لێدەکرێت. ئێمە وەکو کورد بەرگری لە مافی و داخوازیەکانی گەلی کورد دەکەین و لەهەمان کاتیشدا هەوڵەکانی خۆمان دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی وەبەپێی دەستوور مافی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان دابین بکرێت و بەئاشتی لەناو شاری کەرکووک بەیەکەوە بژین.
دوای دیدارەکە، بە ڕێز و تەقدیرەوە ماڵئاوایی لەشاندی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.