بەغدا-KDP.info- لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەشەخۆراکی ھیچ ھاووڵاتییەک بەھۆی نەبوونی کارتی نیشتمانییەوە نابڕێت، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، بەردەوام داکۆکی لە مافی ھاووڵاتییان دەکەین.
چیایی تەیموور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی وەزیری بازرگانیی عێراقم کرد و بە نووسراوی فەرمی داوام لە وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ کرد، دەربارەی گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی و مەرجی ھەبوونی کارتی نیشتمانی، پێویستە دۆخی ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی خەڵکی پارێزگای نەینەوا و قەزای شێخان، وەزیری بازرگانیی عێراق جارێکی دیکە جەختی کردەوە ئامادە نییە بەشەخۆراکی ھیچ ھاووڵاتییەک لەسەر نەبوونی کارتی نیشتمانی ببڕێت.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی، لە سنووری پارێزگای نەینەوا و قەزای شێخان مامەڵەی دەرکردنی کارتی نیشتمانی کاتی زۆری دەوێت، بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییان تا ئێستا نەیانتوانیوە کارتی نیشتمانی دەربھێنن.
چیایی تەیموور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، وەزیری بازرگانی، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی ڕاسپارد ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و بەشەخۆراکی ھیچ ھاووڵاتییەک بەھۆی ئەو کێشەیەوە ڕانەگیرێت، چونکە پێدانی بەشەخۆراکی مانگانە مافێکی زۆر سادەی ھاووڵاتییانە و وەک فراکسیۆنی پارتی داکۆکی لەو مافەی ھاووڵاتییان دەکەین و پێ لەسەر ئەوە دادەگرین کات بدرێتە ھاووڵاتییان بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی، ھەتا بتوانن بەو کارتە فۆڕمی خۆراک بکەن بە ئەلیکترۆنی.
قائید میرۆ