Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان ناڕەزایەتی تووندی لێكەوتۆتەوە

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەینێت، لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە. جەختیش دەكاتەوە، هەرێمی كوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پڕۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە.

بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە: "بۆ ماوەی 11 ساڵە حكوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکوومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست و لەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت. بەڵام حكوومەتی فیدراڵی هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق."

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە."

گەمارۆكانی بەغدا لە بواری بودجەدا

فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیشی كردووەتەوەـ بەغدا لە ڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە 25ی ئاداری 2023 ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەر كەوتووە. حکوومەتی هەرێم لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق ڕێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت: "هەرێمی كوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025، ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.

ڕێگری لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان

دووپاتی كردووەتەوە، عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، تاكوو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.

دەشڵێت: "لە كاتێكدا مادده‌ی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین. بەڵام حكوومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكوو هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە ڕووی داوە."

راشیگەیاندوە: "سەرباری ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكوومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە ڕوون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی تووندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە."