هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە تەرمی کەریم شنگالیدا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، "هەڤاڵێکی نزیک و برایەکی خۆشەویستمان لەدەستدا، پێش هەمووان سەرەخۆشی لەخۆم دەکەم ئینجا کەس و کاری، بەهیوام ڕۆڵەی کوردپەروەر و دڵسۆزی وەک کاک کەریم لە زیادبووندا بن".
سەرۆک بارزانی، گوتیشی، "کەریم شنگالی پیاوی ڕۆژی تەنگانە و ڕۆژە سەختەکان بوو، لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر گەورە بووە و من شاهیدی تێکۆشان و دڵسۆزییەکەی دەبم".
ئهمهی خوارهوه دهقی گوتارهكهی سهرۆك بارزانییه:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
لەم ڕۆژەدا زۆر ئەستەمە ئینسان بتوانێت قسە بكات، چونكە هەڤاڵێكی زۆر نزیك، برایەكی زۆر خۆشەویستمان لەدەست داوە.
كاك كەریم، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە خانەوادەیەكی كوردپەروەرەوە پێگەیشتووە. كە قوتابیی بوو لە كۆلێژی یاسا لە بەغدا، لەو وەختەوە كاك كەریم ئەندامێكی كارا بوو لە پارتی دیموكراتی كوردستان. دوای ڕێككەوتنی ١١ی ئازاریش، زۆر گەنج بوو، بەڵام كە دەرچوو لە زانكۆ، سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیەی كرد هی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول. بەڕاستی پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو، من شاهێدی تێكۆشان و دڵسۆزیی و وەفاداریی ئەو برایەم.
سەرەخۆشیی لە كەسوكاری دەكەم، بەڵام پێش ئەوان سەرەخۆشی لە خۆم دەكەم، جێگەی بەهەشتە ئینشائەڵا و مردن ڕێگەیەكی هەقە، هەركەسمان بە ڕۆژی خۆی دەگاتێ، ئینشائەڵا خوا ئەو میللەتە بپارێزێ و كوردستان بەختەوەر بێ و ئاوەدان بێ و ڕۆڵەی دڵسۆزی وەكوو كاك كەریمیش ئینشائەڵا هەمیشە هەر لە خزمەتی ئەم وڵاتەدا بن و زۆر سوپاس.