Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی

ھەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی پەیامێکی ھاوخەمی بەھۆی کۆچی دوایی کەریم شنگالی تێکۆشەر و کەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەکەمان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند.

دەقی پەیامە ھاوخەمییەکەی سەرۆك بارزانی:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 بەداخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ تێکۆشەر و کەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەکەمان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەریم شنگالی بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی گەلەکەمان و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە یەکێک لە کادیرە لێھاتوو و ماندوونەناسەکانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بووە و لە دەستپێک و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەکی چالاک و سەرەکی بووە و ھەروەھا لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای ڕاپەڕین و لە کاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەرکەکانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە.

خوالێخۆشبوو کەیم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی بوو. بۆ منیش وەک ھەڤاڵێکی نزیک و ھاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و بەدیھاتنی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان تەرخان کرد و لەدەست دانی کۆستێکی گەورەیە.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەسوکار و ھەڤاڵانی کەریم شنگالی و سەرکردایەتیی و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و ھەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی کوردستان دەکەم.

لە خودای مەزن داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە ھەموو لایەک ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

 

مسعود بارزانی

١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥