زاگرۆس فەتاح
ئەمڕۆ کە ٩ی حوزەیرانە ساڵیادی ڕۆژێکی تراژیدیئامێزی گەلەکەمان بە گشتی و شاری سلێمانی قوربانیدەر و خۆڕاگرە بە تایبەتی، ئەویش قەتڵوعامی بەکۆمەڵی خەڵکی سلێمانییە لە ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣.
سەرەتا با بزانین ھۆکاری سەرەکیی ئەم قەتڵوعامە نامرۆڤانەیە چی بووە، ڕۆژی ٨ی حوزەیران واتە ڕۆژێک پێش تاوانەکە، ڕژێمی بەعسی ئەوکات ھەموو ھێزی خۆی کۆکردەوە و ھێرشێکی توند و فراوانی کردە سەر ئەو ناوچانەی کە بە دەست ھێزەکانی پێشمەرگەوە بوون، بە تایبەتی زنجیرەچیاکانی دەوروبەری سلێمانی و ناوچەی شارباژێڕ و شارەزوور و قەرەداغ، بەڵام بەھۆی بەھێزی و خۆڕاگریی ھێزی پێشمەرگەوە سووپا زەبەلاحە دڵڕەقەکەی ڕژێم تێک دەشکێ و کوژراوێکی زۆر بەجێ دەھێڵن و دەگەڕێنەوە ناو شار، لە تۆڵەی ئەو شکان و زیانە مەعنەوی و گیانی و ماددیەی بەریان کەوت ڕۆژی دواتر (٩ی حوزەیران) زەعیم سدیقی تاوانبار کە بەرپرسی یەکەمی سیاسی و سەربازی ئەو سەردەمەی سلێمانی بوو بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی دا کە بە (مەنعەن تەجەول) لەناو خەڵکی سلێمانیدا ناوی دەرکردووە، لەم مەنعەن تەجەولەدا ھێزە لوتشکاوەکەی ڕژێم بۆ تۆڵەسەندنەوە کەوتنە گیانی خەڵکی سڤیلی سلێمانی و ھەندێک ناوچە و شوێنی دەوروبەری سلێمانی، وەک شاھێدحاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە بۆمان دەگێڕنەوە، سەربازانی بەعس لە کوچە و کۆڵانەکانی سلێمانی و گوندەکانی دەوروبەری سلێمانی بە بەرچاوی ژن و منداڵەوە کۆمەڵکوژییان کردووە، دەستیان لە کەس نەپاراستووە، وەک ئەوەی لەگەڵ سوپای نازیەکاندا ڕاھێنانیان کردبێت ئاوا بێڕەحمانە خەڵکیان لە ماڵەکان پەلکێشی دەرەوە کردووە و بێ ھیچ دادگایی و تەنانەت پرسیارلێکردنیش یەکسەر گوللەبارانیان کردوون، دواتریش زیاتر لە (٨٠) کەسیان لە کەسایەتی و پیاوانی ناسراوی سلێمانی ڕەشبگیر کردووە و ڕاپێچی حامیەی ئەوکاتی سلێمانییان کردوون، کە ئێستا پارکە جوانەکەی ئازادییە، لەوێش لە دوای ئەوەی دەست و چاویان دەبەستنەوە داوایان لێدەکەن کە ھەریەکەیان جنێو بە کورد و شۆڕش و پێشمەرگە و سەرۆک مستەفا بارزانی ڕابەری شۆڕشی ئەیلوول بدەن، دەیانخەنە نێوان دوو بژاردەوە و پێیان دەڵێن: ئەگەر جنێو بەوانە بدەن ئەوە ئازاد دەکرێن، ئەگەر جنێویشیان پێ نەدەن ئەوە گوللەباران دەکرێن، بەڵام ئەو پیاوە مەردانە، ئەو مرۆڤە کوردە ڕەسەن و پاک و فیداکارانە بژاردەی دووەم ھەڵدەبژێرن و لەجیاتی جنێودان دەکەونە گوتنەوەی دروشم بەسەر کورد و پێشمەرگە و شۆڕش و سەرۆک مستەفا بارزانیدا، لە ئەنجامی ئەوەشدا ھەموویان گوللەباران دەکرێن و دەبنە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی شانازیی خەڵکی کوردستان.
لەم مێژووە خوێناوی و پڕ فیداکارییەی کورد و مێژووی پڕ زوڵم و زۆر و کوشتن و بڕینی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە دێین بۆ ئێستا، بۆ ڕژێم و سیستەمی حوکمڕانیی دوای کۆتاییھاتنی بەعس و دەسەڵاتی ستەمکاری سیاسی و سەربازیی سوننە مەزھەبەکان و دەستپێکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی شیعەکان، بەداخەوە ئەوانەی ئێستا لە بەغدا حوکم دەکەن ھیچی وایان کەمتر نییە لەوانەی سەردەمی شەست و حەفتاو ھەشتاکان حوکمڕانییان دەکرد، ئەوەی دوای ٢٠٠٣ گۆڕاوە تەنھا مەزھەبی حوکمڕانان و دەم و چاوەکانە دەنا عەقڵیەت و نیەت و تێڕوانینی شۆڤێنیانەیان نەک نەگۆڕاوە، بەڵکو لە ھەندێک ڕووەوە بەرەو خراپتر چووە، ئەوەی ئێستا بەرامبەر کۆی خەڵکی کوردستان دەکرێت لە مووچە و نانبڕین، تەنانەت لە سەردەمی سەددامیشدا نەکراوە کە ئەنفال و کیمیابارانیشی کرد، ئاخر مووچەبڕین یانی وشککردنی سەرچاوەی ڕاستەوخۆی ژیانی خەڵک، یانی برسیکردن و بێدەرەتانکردنی خەڵک (بەتایبەتی مووچەخۆری ئاسایی و ھەژاران) لە زاخۆ تا نزیکی خانەقین، ئەمەش نامرۆڤانەتریین و دوژمنکارانەترین جۆری جەنگە کە بەرانبەر بە میللەتی ئێمە پیادە دەکرێت، کە ھیچ ڕژێم و دەسەڵاتدارێکی پێشوو ئەوەی نەکردووە، بەڵام ئەوەی لەوەش زیاتر ئازار بەخشە ئەوەیە کە بەشێک لە سیاسی و پەرلەمانتاری کۆن و نوێ و خەڵکانی دیکەی جۆراوجۆریش لە کوردستان بەربوونەتە خەنجەردان لە پشتی میللەت و حکوومەتەکەی خۆیان و کەوتوونەتە پاساوھێنانەوە و سپیکردنەوەی ڕووی ئەو دەسەڵاتدارانە کە ئەوە خیانەتێکە مێژوو تۆماری دەکات.
ئەوەی جێی داخیشە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەو کەسانە لە سنووری سلێمانییەوە ئەو ھەڵمەتە بەڕێوە دەبەن، سلێمانییەک کە ئەوە ڕابردوویەتی و ئەوە مێژووی قوربانیدان و فیداکاریەکانیەتی.
بەڵام مادام ھێشتاش لەم شارە سەربەرزەدا ھەزاران ھەزار کچ و کوڕی گەنج و ئافرەت و پیاوی مەرد و کوردپەروەر ھەن، کە ئامادەن لە نێوان فیداکردنی گیانی خۆیان و خیانەتکردن لە میللەت فیداکردنی گیانی خۆیان و لەنێوان سەرشۆڕی و ئازادیدا، ئازادی ھەڵدەبژێرن ئەوە ئەو کەسانە ناتوانن مێژووەکەیان و گیانی کوردانەی خەڵکەکەی لەکەدار بکەن، دوژمن و داگیرکەرانیش ناتوانن ئیرادەی بشکێنن و جارێکی تر بیخەنەوە دۆخی ژێردەستەیی و زەلیلی، ھەر ئەوەشە خاڵی بەھێز و نھێنیی مانەوەی کورد بە درێژایی مێژوو، سەرەڕای ئەو ھەموو خیانەت و ھێرش و پەلامار و قەتڵوعام و زوڵم و ستەمەی بەدرێژایی سەردەمەکان لێی کراوە.
لە کۆتاییدا دەڵێین: دروود بۆ گیانی پاکی ھەموو ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی لەو ڕۆژەدا لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری شەھید کران، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو پێشمەرگانەی لە جەنگ و نەبەردییەکاندا شەھید بوون، سەربەرزی و شانازیی ھەمیشەییش بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەو ڕۆژگارەدا بە ئازایەتی و فیداکاریی خۆیان لوتی سوپاکەی بەعسیان شکاند و شەرمەزاریان کردن.
دروود بۆ سەرکردە و ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئەیلوول مستەفا بارزانیی نەمر، کە بوونی ئەو، ھێندەی چیاکانی کوردستان ھێزی مەعنەوی دابوو بە خەڵکی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە.