هەولێر_KDP.info - گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەم جەژنە وەکو پێشبینیمان کردبوو ٣٠٠ هەزار گەشتیار دێن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە هەموو شوێنەکانی گەشتیاری پڕبوون لە گەشتیار و زیاتر لەوەی چاوەڕێمان کردبوو هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان، کە پشکی شێر بەر هەولێر دەکەوێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشت وگوزاری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە پلانی دەستەی گەشت وگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ جەژنی قوربان بە هەماهەنگی لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت پلانەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا. پێشبینیمان کردبوو زیاتر لە ٣٠٠ هەزار گەشتیار بێن بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکان وەرمانگرتووە ئامارەکان زۆر دڵخۆشکەرن و ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترە پێشبینیمان کردبوو، چونکە سەرجەم شوێنە گەشتیارەکان پڕبوون و جمەیان دێت لە گەشتیار."
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: "زۆرینەی گەشتیارەکان لە خوارووناوەڕاستی عێراق هاتوون و لە دەرەوەش گەشتیار هاتوون، نەک تەنها بۆ ئەم جەژنە، لە چوار وەرزدا دێنە هەرێمی کوردستان. بەڵام زۆرینەی گەشتیاران دێن بۆ هەولێر، پشکی شێریش بەر هەولێر دەکەوێت، دواتر سلێمانی و دواتریش دهۆک و شارەکانی دیکە، چونکە کۆمەڵێک براندی نێودەوڵەتی لە هەولێر هەن، ئەمانە هۆکارن ژمارەی گەشتیاری هەولێر زیاتر بن."
دەشڵێت: "هەر شارێکی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣ هەزار شوێن و بنکەی گەشتیاریمان هەیە و بەڕووی گەشتیاران کراوەن."
بڵند ئیبراهیم