ھەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2025/6/6 به‌ڕێز نیچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به بۆنه‌ى جه‌ژنى پیرۆزى قوربانه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیى له به‌ڕێز تونجه‌ر باكرهان، هاوسه‌رۆكى پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (ده‌م پارتى)یه‌وه پێگه‌یشت.
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا به‌ڕێز باكرهان به ناوى خۆى و ده‌م پارتى ـ یه‌وه، پیرۆزباییى جه‌ژنى له سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و گه‌لى كوردستان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامى بۆ خواست.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ هه‌وڵ و كۆششى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتیدا له توركیا کرد و دووپاتى كرده‌وه كه وه‌ك قۆناغه‌كانى پێشتر، له قۆناغى ئێستا و له داهاتووشدا پێویستییان به ڕۆڵ و پشتگیریى به‌ڕێزیان ده‌بێت بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پێشكه‌شكردنى پیرۆزباییى جه‌ژن، سوپاسى به‌ڕێز هاوسه‌رۆكى ده‌م پارتى بۆ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختى له گرنگیى پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا كرده‌وه و ڕایگه‌یاند به‌رده‌وام ده‌بێت له پشتگیریكردنى پرۆسه‌كه. هه‌روه‌ها داكۆكى كرد كه پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌رفه‌تێكه ده‌بێ له‌ده‌ست نه‌درێت و هه‌مووان كار بۆ سه‌رخستنى بكه‌ن.