Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ئەوقاف: نەناردنی مووچە لەڕووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە

ھەولێر-KDP.info- پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، نەناردنی مووچە لە رووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە کە شتی لەو شێوەیەمان لە مێژووشدا نەبیستووە.'' 

ئەمڕۆ هەینی، 06-06-2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا وێڕای پیرۆزبایی خۆی بە خەڵکی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ''ئێمە زۆر نیگەرانین کە بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە جەژنی پیرۆزدا بڕیوە.'' 

پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان بڕوا ناکەم هیچ حکوومەتێکی جیهان، لە بۆنەیەکی ئەوها پیرۆزدا مووچەی مووچەخۆرانی هاووڵاتییانی خۆی ببڕێت.'' 

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوە کردەوە، ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ کردووە. ئەوەی حکوومەتی عێراق بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان دەیکات، هیچی کەمتر نییە لەو سزایانەی کە رژێمە یەک لەدوای یەکەکان، بە چەندین شێوە دژی خەڵکی کوردستان دەیانکرد.''

نەناردنی مووچە لەکاتێدایە کە هێشتا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە. پشتیوان سادق ئەوەشی خستەڕوو، ''نەناردنی مووچە لەڕووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە کە شتی لەو شێوەیەمان لە مێژوودا نەبیستووە.'' 

وەزیری ئەوقاف ئاماژەی بەوە کرد، ''حکوومەت داکۆکی لە مووچەخۆران دەکات و لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی جیهان و لەگەڵ بەغداش هەوڵی جدی دەدات، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەوە ستەمێکی زۆر گەورەیە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.''

بەگوتەی پشتیوان سادق لەدوای جەژن، ''هەنگاو بۆ لابردنی ئەو سزا گەورەیە دەنرێت کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئاسۆمان گەشە و پشتمان بە خودای گەورە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی خۆمان ئەستوورە''.