Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازی بارزانی: بۆ ئەم جەژنە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و تایبەتمان دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیار وایە بەیانی لە یەکەم ڕۆژی جەژندا چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و تایبەتیان هه‌بێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ستاف ئاسۆ حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، "بۆ ئەم جەژنە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و تایبەتمان دەبێت و لە یەکەم ھەنگاودا ٦٥٠٠ سەبەتەی خۆراکمان دابەش کردووە لە پڕۆژەی ئازیزاندا، ھەروەھا گوتی، له‌ ساڵی ٢٠١٢وه‌ تا ئێستا ٨١ ملیۆن دۆلاریشمان دابەش کردووە بەسەر منداڵانی بێ دایک و باوک، جگە لە کڕینی جلو‌بەرگ و پێدانی سەبەتەی خۆراک."

ستاف ئاسۆ ئەوەشی خستەڕوو، ھەر لە چوارچێوەی کارەکانی دەزگای بارزانی لە ڕۆژانی جەژندا بڕیار وایە لە بەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە سەربڕخانەی ھەولێر نزیکەی "پێنج تۆن" گۆشتی خێر ئامادە بکەین بەپێی ڕێکارە تەندروستییەکان، دوای ئەوەی ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە سەردەبڕدرێن لەلایەن کەسانی شارەزا، ئێمەش لەڕێگەی ستافەکانمانەوە دابەشی دەکەین بەسەر ھەژاران و منداڵانی بێ دایک و باوک.