Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پەروەردە بۆ KDP: گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندندا دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ٢١٤ قوتابخانەی تازە دروست کراون، ھەزار و ٦٧٠ قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە و ٦٢٧ پۆلی نوێش دروست کراون. هاوکات دەشڵێ، لە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامیش زیاتر لە ٥٠٠ ناونیشان گۆڕدراون بەبێ ئەوەی یەک دینار تێچووی ھەبێت، کە ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیا بووایە بە دەیان ملیۆن دۆلار تێچووی دەبوو.

دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵ گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندندا دەکرێت لە ئاستی بنەڕەتی و ئاستی ئامادەییش کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی پەروەردە ٥٠٧ ناونیشانی گۆڕیوە، واتا ئەو گۆڕانکاریانەی کراویشن ھیچ پارەی تێنەچووە و ھەموو بە ھەوڵی مامۆستا و سەرپەرشتیار و مامۆستایانی زانکۆ خۆبەخشانە کراوە ئەگەر پاداشتێک یاخود سوپاسێکمان کردبن، بەڵام گرێبەست بە یەک دیناریش بۆ گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن نەکراوە، کە ٥٠٧ پەرتووک گۆڕاون، لەوانە پەرتووکی زانستی پۆلی پێنجەم کە پارساڵ پۆلی چوار کرا و ساڵانی پێشتر پۆلی یەک و دوو و سێ کرا، کە ئەگەر لەگەڵ کۆمپانیا بیکەی بە دەیان ملیۆن دۆلاری پێویستە، ئەوەی ئێمە کردوومانە یەک دینار تێچووی نەبووە و ھەمووی بە ھەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خۆمان کراوە، ئەوەش ئەو بەڵێنە بوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١٠-٧-٢٠١٩ دابووی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندندا بکرێت.

وەزیری پەروەردە باس لەوەش دەکات، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ٢١٤ قوتابخانە دروست کراون، کە بەشێکی لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوون و بەشێکی لە ڕێگەی سەرمایەدارەکان و بەشێکیشی لە ڕێگەی وەبەرھێنان بووە و زیاتر لە ھەزار و ٦٧٠ قوتابخانە نۆژەن کراوەتەوە و ٦٢٧ پۆلی نوێی خوێندن دروست کراون، بۆیە سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان ئەو کارانە کراون لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێستاش پڕۆپۆزەڵمان ئامادە کردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی تازە بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە و ھەر کاتێک پارەی بۆ تەرخان کرا، ئەوانیش دروست دەکرێن.

 

بڵند ئیبراھیم