Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری وزە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە

واشنتن-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری وزە، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراقە، ھەروەھا بۆ ئەوەیە تا خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەندرێتە ھاووڵاتییان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: پێویست ناکات ھیچ لایەک نیگەران بێت، چونکە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری وزە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراقە، ھەروەھا بۆ ئەوەیە تا خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەندرێتە ھاووڵاتییان.

لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریکا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان پێکەوە ھەبوو، قسەی زۆر باش کرا، گوێمان لە پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەم بوو، ئەوان ئامادەن پشتگیری ھەم لەم گرێبەستانە بکەن، ھەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە ھەموو ئاستێکدا.

ھاوکات دەڵێت: پێویستمان بەوەیە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ زیاتر لە ھەموو کاتێک یارمەتی ھەرێمی کوردستان بدات، ھەروەھا ئێستا ئێمە وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیجیی ئەمەریکا ڕێزمان لێ دەگیرێت و، چاومان لەوەیە ئەو پەیوەندییانە بچنە قۆناغی باشتر و بەرزتر.

ھەر لەبارەی ڕێککەوتنەکانی بواری وزەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە تەنیا بەرپرسین لەسەر ئەو بڕیارانەی کە دەیاندەین، بڕیارمان داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە ھەرێمی کوردستان، بێگومان سوودی بۆ ھەموو خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت، خەڵکی دیکە چۆن لێکدانەوە بۆ ڕێککەوتننامەکان دەکەن کەیفی خۆیانە".

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: ئێمە کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە کەپیتاڵ ھێڵ ھەبوون، ئەمڕۆ و سبەینێ کۆبوونەوەی زیاتریشمان دەبێت، پەیوەندییەکی باشمان ھەیە لەگەڵ ئیدارەی وڵاتەکە، دەمانەوێت زیاتر و باشتری بکەین، ئەم پەیوەندییانە زۆر گرنگە بۆ ئێمە و لە بەرژوەندیی ھەموو ناوچەکە دەبێت.

لە درێژەی قسەکانیدا مەسروور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە دۆستی زۆرمان لە ئەمەریکا ھەیە، لە کۆنگرێس و لە ئیدارەی وڵاتەکەش، ئێمەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکاین، پێکەوە شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، دووپاتمان کردووەتەوە کە دەتوانین ھاوپەیمانێکی جێگەی متمانەبین.

سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، گوتی: ھیوادارم ھەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، چونکە لە بەرژەوەنەدیی ھەموو لایەکە، لە نێویشیاندا حکوومەتی عێراق، چونکە داھاتی حکوومەتەکە زیاد دەکات.