Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: خۆشحاڵین بە فراوانبوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان

واشنتن-KDP.info- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەردەبرێت و ڕایدەگەیێنێت، گرێبەستە واژۆکراوەکانی بواری وزە سوودی بۆ عێراق و ئەمریکاش هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەبواری وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "خۆشحاڵین بە بینینی فراوانبوونی پەیوەندی ئابووریی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئەم هاوبەشییانە بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق بەهێزتر دەکات و سوودی بۆ خەڵکی هەردوولا دەبێت".

ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 19-5-2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و کۆمپانیاکانی 'ئێچ کەی ئینێرجی' و 'وێسترن زاگرۆس'ی ئەمریکی، دوو گرێبەستیان لەبواری نەوت و وزە واژۆ کرد، گرێبەستەکان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبواری وەبەرهێنان لە کەرتی غاز و نەوت دەباتە قۆناغێکی دیکەوە و جگە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و نەوت، وادەکات بەهۆیانەوە کارەبا بۆ هەموو عێراق لەڕێگای بەرهەمبهێنرێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی گرێبەستەکانەوە گوتی، ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سرووشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق.