Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەرێمی کوردستان بەم دوو ئاراستەیەدا مامەڵە دەکات

بڵند نەوڕەس 

دوو فاکتەری سەرەکی هەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دروست و واقعبینانە، یەکەمییان چون بەرەو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکان و تێکەڵکردنى بەرژەوەندییەکان لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان.

دووەم، پاراستنی هاوسەنگیی لە چوارچێوەی مامەڵەی هاوبەشدا لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و لایەنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان.

هەرێمی کوردستان بەم دوو ئاراستەیەدا زۆر ژیرانە مامەڵە دەکات، مامەڵەکردنێک کە بە دیوێکدا کار لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بەرژەوەندییەکان دەکات، بە دیوەکەی تریشدا زەمینەیەکی هاوبەش و هاوتەریبی دۆزیوەتەوە لەگەڵ هەموواندا بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە هەرێمی کوردستان بەدووربێت لە دژایەتی لایەنە بەیەک نەیارەکانی تر.

لە سیاسەتدا میانەیەک هەیە بۆ تێگەیشتن، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆت و نەبەزاندنی بەرژەوەندییەکانی بەرامبەر و پێدانی دڵنیایی بە هەمووان کە هەرگیز هەرێمی کوردستان نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەک و بەرژەوەندییەکانمان مەترسى نین بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەوانى تر. 

دروستکردنى ئەم تێگەیشتنە لاى بەرامبەر، پێویستى بە زەمینەى لەبار و پاشخانى دەوڵەمەند و هەڵوێستى نەگۆڕ هەیە، بۆ ئەوەى متمانە دروست بکەیت، پێویستە سەلماندبێتت کە پەیڕەوى سیاسەتى ئاشتیانە و بەرژەوەندى هابەش دەکەیت، لەم بابەتەشدا هەرێمى کوردستان لە دۆخى تێگەیشتنەوە خۆى گواستۆتەوە بۆ دۆخى پێگەیشتن و لەسەر نەخشەى سیاسى ناوچەیی و جیهانى متمانەپێکراوە و لە ناوەندە سیاسى و نێودەوڵەتییەکاندا بە قەوارەیەکى ئاشتیخواز و چارەسەرویست ناسراوە.

لەم جیهانە ئاڵۆزەدا کە ململانێى بەرژەوەندییەکان و کێشمەکێشمى زلهێزەکان لە ترۆپکدایە، ئاسان نییە بتوانیت هاوسەنگى رابگریت و لایەنگیر نەبیت، بەڵام هەرێمى کوردستان لە رێگەى دابەشکردنى ئەرکە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنى دیبلۆماسییەتى هاوسەنگەوە توانیویەتى دۆستى ئەمریکا و رۆژئاوابێت و دژى ئێران و وڵاتانى خاوەن هەژموونى ناوچەکە نەبێت. 

لەوەش زیاتر توانیویەتى فشارە ناوچەییەکانى سەر هەرێمى کوردستان کەمتر بکاتەوە و دەستکراوەشبێت لە بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسییەکانى لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا و وڵاتانى ناوچەکەدا، کە دواترین دیمەنى سەلمێنەرى ئەو سیاسەتە راستە، چوونى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو بۆ ئێران و دڵنیاکردنەوەیان لەوەى کە هەرێمى کوردستان هەرگیز نابێت بە هەرەشە بۆ ئێران و وڵاتانى دراوسێ، هەروەها سەردان و ئامادەیی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو لە ئەمریکا، کە بۆ درێژەدان بە دوو گرێبەستى ستراتیژى گەورە بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان لەو وڵاتەوە دەرکەوت، کە ئەمە نیشاندانى هێزى هاوسەنگیى هەرێمى کوردستان دەردەخات و بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزێت و متمانەش دەبەخشێت بە هەموو لایەنەکان کە لەسەر ئاراستەیەکى راست و بۆ ئامانجێکى هاوبەش کاردەکەین کە بنەماکەى بریتییە لە، (هاوسەنگى لەگەڵ هەمووان و دۆستایەتى بەردەوام و بەرژەوەندى هاوبەش). 

ئەو دیبلۆماسییەتە لە سیاسەتدا رەنگدانەوەى بووە لەسەر سەرجەم بوارەکانى ترى ژیانى سیاسى لە ناوچەکەدا، بۆ نمونە: سەرپێکەوتنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و دروستبوونى تێگەیشتنى هابەشى کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئێستاى سوریادا و کردنەوەى زەمینەى گفتوگۆ لە نێوان ئێران و پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، رێگەخۆشکەر و زەمینە دروستکەرەکەى هەرێمى کوردستانە بە رابەرایەتى سەرۆک بارزانى. 

هەرێمى کوردستان قەوارەیەکى کاریگەرە لە نەخشەى جێوسیاسى ناوچەکەدا و جوامێرانى دەوڵەتداریش کارەکتەرى سیاسى کاریگەرن لەسەر ئاستى جیهان و گوێلێگیراون لە ناوەندە سیاسییە بریاربەدەستەکانى جیهاندا. 

ئەم سیاسەتە دروستە رەنگیداوەتەوە لەسەر ئاستى جیهان و ناوچەکە و تەنانەت عێراقیشدا، کە ئارامگرتنى هەرێمى کوردستان لەبەرامبەر هەموو فشار و گوشارەکاندا لە رەچاوکردنى سەقامگیرى کوردستان و کەمکردنەوەى کێشەکانى لەگەڵ عێراقدا سەرچاوەى گرتووە. 

کێشەى هەرێمى کوردستان کێشەى جێبەجێنەکردنى دەستوور و پابەندنەبوونى عێراقە بە واژۆى خۆیان و رێککەوتنە سیاسییەکان و تەنانەت گوێنەدانیشە بە بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى تایبەت ئەوانەى لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستاندایە، لە سەروویانەوە بابەتى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، کە هەر مانگەى بە پاساوێکى سیاسى یان تەکنیکى دوایدەخەن بۆ نارەحەتکردنى مووچەخۆران و فشارخستنە سەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان. 

چونکە روونە مامەڵەى عێراق لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا مامەڵەیەکى فیدڕاڵى نییە و قۆناغەکانى تێگەیشتنییان بۆ فیدڕاڵییەتى هەرێمى کوردستان قورس دەڕواتە پێشەوە. 

ئەم ئەزموونە تاڵەش لەگەڵ بەغدادا لە ساڵى ٢٠٠٣وە بەردەوامە و هەر سەرۆک وەزیرانێک بە بەڵێنى گەورە و تێگەیشتنى نوێوە هاتۆتە مەیدان لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسى کوردستاندا، بەڵام هەمیشە و دواى خۆقایمکردنییان پشت لە هەرێمى کوردستان و رێککەوتن و بەڵێنەکانییان دەکەن و کورد وتەنى: خۆشەبویین لەگەڵیاندا. و هەموویان خاوەنى یەک تێڕوانین و بیرکردنەوەن بەرامبەرمان بەڵام بە فۆڕمى جیاواز، هەمیشە هەرێمى کوردستانیش دەرفەتى زیاترى پێداون و پشوو درێژبووە لەگەڵیاندا. 

ئێستا هەرێمى کوردستان لەسەر سیاسەتێکى راست هەنگاو دەنێت، خوێندنەوەیەکى واقعبینانەى هەیە بۆ دۆخى ئاڵۆزى جیهان و باش لە بەریەککەوتنى بەرژەوەندییەکان تێگەیشتووە و پانتاییەکى ئارامیشى لەناو ئەو جەنجاڵییەدا بۆ خۆى دۆزیوەتەوە و کاردەکات بۆ داهاتوویەکى باشتر و سەقامگیرتر بۆ خەڵکى کوردستان. 

گرنگ ئەوەیە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستاندا و تایبەت پارت و لایەنە سیاسییەکانى تریش پاڵپشتى و پشتگیرى لەو سیاسەتە دروستە بکەن و ببن بە بەشێک لە چارەسەر، خۆ گەر ئەمەیان پێناکرێت راستتر وایە نەبن بە بەشێک لە گرفت و رێگە بدەن با ئەم کاروانە بگاتە جێ، کە بێگومان سودى گەورەى بۆ هەمووانى تێدایە و هەرێمى کوردستان دەباتە قۆناغێکى ترى سەرکەوتن.