Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شووراى ئیسلامیى ئێران كۆبوونه‌وه‌

تاران-KDP. info-  هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2025/5/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌ دیدارێكدا لەگەڵ بەڕێز محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌رباره‌ى پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا ستایشى به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانیان كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌كان و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئاڵنگارییه‌كانیان تاوتوێ كرد و لەسەر پێویستیی هەماهەنگیى لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگیری هاوڕا بوون، هه‌روەها داكۆكییان له‌سه‌ر هاریكاریى هه‌مه‌لایه‌ن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، كردەوە.