Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. سالار عوسمان پێشوازی لە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان دەکات

ھەولێر-KDP.info- د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، پێشوازیی کرد لە د.سەربەست زاخۆیی نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی یۆنان و شاندی یاوەری کە پێکھاتبوون لە بەڕێزان دەستەی بەڕێوەبردنی سەنتەری کوردی-یۆنانی.

لەمیانی دیدارەکەدا، میکانیزمەکانی پەرەپێدانی گوتاری میدیایی و ئاراستەکردنی بۆ خزمەتکردنیی پرسە مرۆییەکان و بەشداریکردن لە چەسپاندنی بەھاکانی پێکەوەژیان و ئاشتی تاوتوێ کران.

د.سالار عوسمان، جەختی لە ڕۆڵی سەرەکی ڕاگەیاندن کردەوە لە بنیاتنانی ھۆشیاری کۆمەڵگە و چەسپاندنی ناسنامەی کوردی، جەختی لەسەر پێویستی ھاوسەنگبوون لەگەڵ پێشھاتە جیھانییە میدیاییەکان و بەکارھێنانی کەرەستەی سەردەمیانە کردەوە کە ڕەنگدانەوەی زمانی ئەو سەردەمە بن.

لای خۆیەوە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان، ئاماژەی بە گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی نێوان بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لەگەڵ میدیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردەوە، بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری میدیایی و کاریگەرکردنی لە خزمەتکردنی بەھا نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆییەکان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە سەنتەری کوردی-یۆنانی لە چەندین بواری جیاجیای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و کەلتوورییدا کاردەکات، لە ڕێگەی ڕادیۆ و ئامرازەکانی دیکەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریدا خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەکەن و لە ھەوڵی فراوانکردن و پتەوکردنی زیاتریدان.