ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی بە بۆنەی ٦٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکات.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەڕێزان / سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
(٦٣) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بە بڕیار و ڕێنمایی (بارزانی نەمر) لە (١٥ی ئایاری ١٩٦٢) یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دامەزرا، دەستپێک و کاری ئەو ڕێکخراوە لە بواری پیشەییدا وەرچەرخانێکی گرنگ و چارەنووسساز بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و تێکۆشانی نەپساوەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لەو کاروانەیدا ڕۆڵ و سەنگی خۆی ھەبووە لە قۆناخە جیاجیاکانی تێکۆشانی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا، لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕێکخراوە بە درێژایی تەمەنی شکۆداری خۆی قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی کەسایەتی تێکۆشەر و دڵسۆز و سەرکردە بووە، بەمەش خزمەتێکی زۆری بواری پیشەیی و خەباتی مەدەنیانە و سیاسییانە و پەروەردەیی لە کوردستاندا کردووە و قوربانی زۆریشی لەو ڕێگایە داوە.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەردەوام بەپێی کارنامە و پلان و پەیامی ڕاست و دروستی خۆی توانیویەتی دەستکەوتی مەزن بۆ پەروەدەکار و مامۆستایان دەستەبەر بکات، ھەروەھا ھەمیشە سەکۆیەکی پێشەنگ و بوێر بووە بۆ خستنەڕووی خواست و ویستی مامۆستایان بەبێ جیاوازی و گەشەپێدانی ھۆشیاریی و ھزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆیە ھەمیشە مایەی شانازی و سەرفرازی گەلەکەمانن.
بەم بۆنەیە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوە و کادیر و ئەندامانی ھێژای یەکێتییەکەتان دەکەین و خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوەکەتان بەرز دەنرخێنین، ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ یەکێتیەکەتان دووپات دەکەینەوە و رۆڵی گرنگ و ھەستیاری ئێوە بەھەند دەگرین و ھیوادارین وەک ھەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە زیاتر برەو بە کار و چالاکییەکانتان بدەن و ئاستی پەروەردە و فێرکردن بەرزتر بکەن و بەرەو پێشتری ببەن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ھۆشیار و تێگەیشتوو و سوودمەند.
سڵاو و ڕێز و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و سەرۆک و سکرتێرە پێشەنگەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان...
بەرزو پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
دروود و وەفاداریی بۆ گیانی پاک و بێگەردی شەھیدانی ئەو کاروانە شکۆدارەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ی ئایاری٢٠٢٥