Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دووسایدێکی دیکەی گرنگ دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "ڕێگای دووسایدی کەلار بۆ دەربەندیخان، ڕێگایەکی ستراتیژییە و بە گوژمەی ١٣٦ملیار دینار بە درێژایی ٤١کم لە قۆناغی کۆتایی دایە، بڕیارە ئەمساڵ لە مانگی ھەشت بکرێتەوە."

دکتۆر ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی رێگای دووسایدی کەلار بۆ دەربەندیخان یەکێکە لەپڕۆژە گرنگەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سلێمانی بە کەلار و لەوێش بە پەروێزخانەوە دەبەستێتەوە، بودجەی ئەو پڕۆژەیە ١٣٦ملیار دینارە و درێژیەکەشی ٤١کم دەبێت، ٩٨%ی تەواو بووە، تاوەکو مانگی ٨ی ئەمساڵ تەواو دەکرێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی خۆشەویست."

دکتۆر ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی "ئەو ڕێگا دووسایدە بە کوالێتییەکی بەرز دروست کراوە و بە مواسەفاتێکی ئەندازیاریی بەرز کراوە، بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت، لە مانگی ھەشتی ئەمساڵ دەکرێتەوە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە سێکتەری ڕێگاوبان دەدات و بەردەوام ھەوڵ دەدات پڕۆژەی تازەی ڕێگاوبان جێبەجێ بکات."

بڵند ئیبراھیم