Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی ڕووناکی لە دهۆک بەسەر دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دھۆک پڕۆژەی رووناکی بەسەرکردەوە و سەردانی گەڕەکی بەرۆشکێی شارەکەی کرد کە مانگی ڕابردوو بەھۆی کەم بەکارھێنانی کارەبا، زۆربەی ماڵەکان بڕە پارەیەکی کەمیان بۆ ھاتووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دھۆک پڕۆژەی رووناکی بەسەرکردەوە و سەردانی چەند ماڵێکی گەڕەکەکەی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەبارەی پڕۆژەکە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات.

مەسروور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ دھۆک چەند ماڵێکی لە گەڕەکی بەرۆشکێی شارەکە بەسەرکردەوە، بەپێی داتاکانی پڕۆژەی رووناکی، زۆربەی ماڵەکانی ئەو گەڕەکە کە پڕۆژەی رووناکییان پێ گەیشتووە، مانگی ڕابردوو کەمتر لە ٣٥ ھەزار دیناریان بۆ ھاتووەتەوە.

پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەیەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە ھەموو ماڵەکانی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ پڕۆژەکە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.