ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ڕۆژی ١٥ ئایار کۆنگرەی یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان بەڕێوەبچێت و بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتیش دەڵێ، لە لایەن ئەندامانی کۆنگرە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت ھەڵدەبژێردرێن.
شیلان شێخ جەعفەر، بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی بە فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی ١٥ی ئایار کۆنگرەی یەکگرتنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شاری ھەولێر بەڕێوەدەچێت، لەبەر ئەوەی کۆنگرەی یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراوە ٢٦٠ ئەندام بەشداری دەکەن و لەسەر ئاستی باڵای پارتیمان بەشداری کۆنگرە دەکرێت و لە ھۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا کۆنگرەی یەکگرتن ئەنجامدەدرێت".
بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان گوتی: "یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوان پێشتر دیراسەتی بۆ کراوە و دەمێکە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرە و یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراو کراوە و یەکگرتنەوەیان دەبێتە ھۆی بەرەو پێشبردنی کاری ڕێکخراوەیی".
شیلان شێخ جەعفەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەیکەلی ھەردوو ڕێکخراوەکە دەبێتە یەک سکرتاریەت و سکرتێرێکی دەبێت، لەناو کۆنگرە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوان ھەڵدەبژێردرێن".
قائید میرۆ