Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە هەولێر یادی شەھید لەیلا قاسم کرایەوە

ھەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر بە شکۆوە  یادی ٥١ ساڵەی لەسێدارەدانی شەھید لەیلا قاسم کرایەوە. 

عەلی فەیلی، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی بە  ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ڕێکخراوی مەدەنی کوردانی فەیلی لە پاریزگای ھەولێر، لە ئۆتێل نۆبل، یادی لەسێدارەدانی شەھید لەیلا قاسمیان کردەوە، کە لە ١١/٥ یادی لەسێدارەدانیەتی، لەیلا قاسم کوردی فەیلی بوو بەڵام ڕەمزێکە بۆ ئافرەتانی کورد بەگشتی، چونکە لە تەمەنی گەنجیدا لەسەر دۆزی ڕەوای کورد لەسێدارە دراوە. 

لەیلا قاسم کە دەرچووی کۆلێژی یاسا بوو، سازشی بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق نەکرد، ئەوانیش لەسێدارەیان دا، بۆیە گرنگە ساڵانە ئەو یادە بکرێنەوە." 

عەلی فەیلی گوتیشی "بڕیارە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، دەزگای کاروباری کوردانی فەیلی، سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران دابمەزرێت، ستافیشی بۆ دانراوە، ئێستا بارەگای دەزگاکە نوژەن دەکرێتەوە و ئامادە دەکرێت، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک دادەمەزرێت.

ئەو دەزگایە ھەموو کارەکانی کوردانی فەیلی دەکات، داتابەیسێک دروست دەکرێت لەبارەی کوردانی فەیلی، بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت وکار لەسەر قوربانیانی کوردی فەیلی بکرێت، ھاوشێوەی بنکەی باڵای لالش، ئەوەش دەبێتە دەزگای کاروباری کوردانی فەیلی، پێشتر لە کۆنفرانسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، سەرۆک بارزانی بڕیاری دا ئەو دەزگایە دابمەزرێت و حکوومەتیش ڕەزامەندی لەسەر دا، بەڵام بەهۆی ھەندێک هۆکار دواکەوت، ئێستا هیچ گرفتێک نەماوە، لە ماوەیەکی نزیک ئەو دەزگایە بە فەرمیی دەکرێتەوە." 

 

بڵند ئیبراھیم