Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە سلێمانی ۹۰۰ ھەزار کەس سوودمەند دەبن"

سلێمانی-KDP.info- بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی ئاو لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، کە ٩٠٠ ھەزار کەس لێی سوودمەند دەبن و تا ٣٠ ساڵی دیکەش کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکات، کە ئێستا لە قۆناغی تەندەریندایە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ئاوی دوکان بۆ سلێمانی بوودجەکەی ٢٩٣ ملیۆن دۆلارە و دەبێتە سێیەم پڕۆژەی دوکان - سلێمانی و ٢٠ ھەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا ئاو دابین دەکات، کە لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠%ی جێبەجێ دەکرێت و ٩٠٠ ھەزار کەس لە پارێزگای سلێمانی لەو پڕۆژەی ئاوە سوودمەند دەبن و بە تەواوبوونی پڕۆژەکەش، تاوەکو ٣٠ ساڵی دیکە لە سلێمانی کێشەی کەمئاوی نامێنێت.

ئەحمەد گوتیشی، ئەو پڕۆژەیە ئێستا تەندەرینی بۆ ئامادە دەکەین و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانیشی بۆ گەڕاوەتەوە و تەنیا ماوە تەندەر ڕابگەیەندرێت و بدرێت بە کۆمپانیایەک، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کارە دەکرێت و پڕۆژەکەش جێبەجێ دەکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم