Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی لە سنووری ئامێدی دەکرێتەوە

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی دھۆک ڕایگەیاند، نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەروێلەیی لە سنووری قەزای ئامێدی دروستکراوە، کە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە حکوومی و ئەھلییەکان یەکەمە و لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕووی خەڵکی خۆشەویستی ئەو دەڤەرەدا دەکرێتەوە.

د. ئەفراسیاب مووسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، نەخۆشخانەی شۆڕش _ھێتیت کە ناوەکەی یەکلا کراوەتەوە بەو شێوەیە، تەواو بووە و تەنیا ماوە وەریبگرین و دواتریش بە ڕووی خەڵکدا بکرێتەوە، کە نەخۆشخانەیەکی زۆر پێشکەوتووە و یەکەمە لە نەخۆشخانە حکوومی و ئەھلییەکان لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ١٠٠ قەرەوێلەییە، کە گوژمەی تەرخانکراوی پڕۆژەکەش ٤٣ ملیۆن دۆلارە، بۆیە کردنەوەی نەخۆشخانەکە خزمەتێکی زۆر باشی دەڤەری ئامێدی بە گشتی دەکات، کە لە ئیتیت لە ناحیەی دێرەلووک دروست کراوە.

د. ئەفراسیاب گوتیشی، نەخۆشخانەیەکە زۆر باشە و کێشەی پزیشکمان نابێت و ژمارەیەک کارمەندمان بۆ دامەزراون، کە ٢١٥ کارمەند دەبن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی تەندروستی داوە و دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیەش یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کەرتی تەندروستیدا خزمەتی زیاتری خەڵک بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم