Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری دھۆک: سێمێل دەبێتە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی کوردستان

دھۆک-KDP.info- پارێزگاری دھۆک، لە سەردانێکیدا بۆ قەزای سێمێل ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا بە کۆمەڵێک پڕۆژەوە دێین بۆ سێمێل و لە چەند ساڵی داھاتووشدا سێمێل دەبێتە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی کوردستان، چونکە ئەو پڕۆژانەی لە سێمێل جێبەجێ کراون، لە دھۆکیش نین.

دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئەمڕۆ بۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان سەردانی قەزای سێمێلی کرد و دواتریش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە ماوەی راِبردوودا بەردی بناغەی دروستکردنی پارکێک لە ناوەڕاستی سێمێل دانرا لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێکخستنەوەی ناو بازاڕی سێمێل و قیرکردنەوەی شەقامەکانی، بۆیە پارکەکە دەبێتە شوێنێکی باشی حەوانەوە بۆ خەڵک و نۆژەنکردنەوە و رێکختستنەوە ی بازاڕیش سیمایەکی جوانتر بە سێمێل دەبەخشێت، جگە لەوانە پڕۆژەی باش بۆ فراوانکردنی سێمێل ھەیە و دوای چەند ساڵێکی کەم سمێل دەبێتە یەکێک لە گەورەترین شاری کوردستان و لە ماوەیەکی کەمدا دەگەڕێینەوە بۆ سێمێل و پڕۆژە و مژدەی خۆشمان بۆ ئەو قەزایە ھەیە، بۆیە ئەو پڕۆژە گەورانەی لە سێمێل جێبەجێ دەکرێن، لە دھۆک نین.

تەتەر گوتیشی، داوا لە وەبەرھێنەر و بزنسمانەکان دەکەین بێن لە قەزای سێمێل وەبەرھێنان بکەن، چونکە دڵنیام پاشەڕۆژێکی باشی ھەیە ئەو قەزایە و ئەوەی بێت وەبەرھێنان بکات، لە ئایندەدا قازانج دەکات و زیان ناکات، چونکە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی لە قەزای سێمێل ئەنجام دراون، لە ھیچ شارێکی دیکە ئەنجام نەدراون، بۆیە خزمەتێکی زۆر باشی قەزای سێمێل کراوە، چونکە زانکۆی ئەمەریکی و نەورۆز و جیھان و بەشێک لە زانکۆی دھۆکیش لە سێمێلن و هەروەها گەورەترین پڕۆژەی مانگای شیردەر و ماسی و فامیلی مۆڵیش لە سێمێلن، بۆیە داوا دەکەین گرنگیی زیاتر بە گەنجانی سێمێل بدرێت و لە ھەموو پڕۆژەکانیش ناوی سێمێل بەکار بێنن، بۆیە گۆڕانکاریی زۆر گەورە بۆ سێمێل بەڕێوەیە.

بڵند ئیبراھیم