Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى و شا عه‌بدوڵڵا دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئوردن-KDP.info-   ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2025/4/27 لە عەممان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حسێن، شای شانشینی ئوردنیی هاشمی، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پته‌وكردنى زیاترى پەیوەندییەکانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەكانى سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، تاوتوێ کران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاتە ناوچه‌یى و نێودەوڵەتییه‌كانى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا بیروڕایان گۆڕییه‌وه.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێسته‌كانى شانشینی ئوردنیی هاشمی له‌ پشتگیرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها پەیوەندییە مێژوویییه‌كان و دۆستایه‌تیى نێوان هەردوولاى به‌رز نرخاند.

لاى خۆیه‌وه‌ شا عەبدوڵڵای دووەم خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاریی هاوبه‌ش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها داكۆكیی لە پابه‌ندیى ئوردن بۆ پشتگیریى هه‌ر هەنگاوێک کرد کە ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە و باسیان له‌ چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، كرد.