سۆران-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆی سۆران پێی وایە پاراستنی پێکھاتەکان لای سەرۆک بارزانی گەورەترە لە بەرژەوەندیی گرووپی و لایەنەکان، ئەو بابەتە پرەنسیپ و عەقیدەیەکە درێژکراوەی ڕێبازی بارزانییە و باوەڕدار بوونە بە پێویستیی ھەبوونی جیاوازییەکان لە کوردستان.
پ.ی. دکتۆر سانع شەریف، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پەرەپێدانی کەلتووری پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەکات و پێی وایە "مێژووی ھەمەجۆری لە کورستان بەستێنی پێکەوەژیانی جیاوازییەکانە، ئەم کەلتوورە لە فەلسەفەی بارزانیدا وەک زەرورەت سەیری کراوە، بۆ ئەوەی کەس لەبەر ھۆکاری باوەڕ و عەقیدەی جیاواز ھێرشی نەکرێتە سەر و مەترسی لەسەر نەبێت، ئەمە ئەسڵە لە ڕێبازی بارزانیدا."
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سۆران پێی وایە، "سەرۆک بارزانی لەڕووی سیاسی و کەلتوورییەوە پەرەی بە کەلتووری پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان داوە و بەردەوام بانگەشە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، ئێزیدی، مەسیحی و پێکھاتەکانی دیکەی نیشتەجێی ھەرێم و تەنانەت عێراقیش کردووە.
ھەموو جیھان شاھێدە کاتێک جەنابی سەرۆکی ھەرێم بوو، کوردستان بوو بە پەناگەیەک بۆ ئەو کەسانەی لە توندوتیژی تائیفی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئاوارە دەبوون، بەتایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٣، ھەروەھا پێکھاتە جیاوازەکان بە تایبەتی مەسیحی و ئێزدییەکان و تورکمانەکان سەلامەتی و پشتیوانییان لە ھەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەر کرا، سەرۆک بارزانی نەک ھەر مافی پارستنیانی مسۆگەر کرد، بەڵکو مافی ئەوەی بۆ دابینکردن لە دامودەزگاکانی ھەرێم و پەرلەمان و دەزگا ئەمنییەکان جێگیر بکرێن، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی پێکھاتەکان ھەرێمی کوردستان بە نیشتمانی خۆیان بزانن و ھەستی سەربەخۆیی خۆیان لە ھەرێم بەھێز و زیاتر بکەن."
سانع شەریف لە باسی پرەنسیپی پاراستنی پێکھاتەکان گوتی، "سەرۆک بارزانی پرسی پاراستنی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وەک ئەسڵ و پرەنسیپ سەیر کردووە نەک بابەتێکیتر، لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ داعش ئەم ڕاستییە زیاتر خۆی نواند کە دەسەڵاتی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی وەک پرەنسیپ پارێزەری زوڵملێکراوان بوون، لەم سۆنگەیەشەوە بەشداری و وتارەکەی سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی “ڕۆژی نزای نیشتمانی” ئەو پەیامەی بە جیھان گەیاند کە ھەرێمی کوردستان ماڵی ھەموو پێکھاتەکانیەتی، بەبێ جیاوازی، ئەمەش ھاوڕەھەندە لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەی لە مێژووی ڕێبازی بارزاندا ڕەنگی داوەتەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەی ئەم مامۆستایەی زانکۆ گوتی، "بە گشتی، ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەرەپێدانی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان ھەم مێژووییە، ھەم بەردەوامە، دیدگا و سیاسەتەکانی یارمەتیدەر بووە کە فرەچەشنی پێکھاتە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان وەک ھێمایەک بۆ ئاشتی و بەھێزبوونی کوردستان سەیر بکرێت نەک وەک ھەڕەشە."
سەلاح جەلال