هەولێر- KDP.info - كوردستان لە سێ ڕۆژدا پێشوازی لە پێكهاتە جیاوازەكانی كرد بۆ بەڕێوەچوونی ڕۆژی نزای نیشتمانی، سەرۆكی یەكێتی زانایانیش پێی وایە، هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە.
د.عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان قۆناغی زۆر باشی بڕیوە، دەتوانم بڵێم پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان تاكە نموونەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە، میللەتی كورد پشتیوانی لە پێكەوەژیان دەكات و پارێزگاری لە پرسی پێكەوەژیان دەكات، سەركردایەتی كوردستانیش بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتی شێخانی بارزان هەر لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانییەوە تا دەگات سەرۆك بارزانی، پشتیوانی تەواوی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بوونە."
هاوکات كلارا عودیشو، نوێنەری كریستیانەكان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕۆژی نزای نیشتمانی ڕۆژێكی پیرۆزە و بەڕێوەچوونی ڕۆژەكە دوای پێداچوونەوە بەڕێوەچووە، چونكە كوردستان شوێنی ئاشتی و پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە، مەراسیمەكە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، گەلانی كریستیانیش بەشدارن لە نزای نیشتمانی، ئێمە لە هەرێمی كوردستان یاسا و كەلتووری خۆمان هەیە، ژمارەیەكی زۆری كەسایەتییەكان لە ئەمریكا و ئەوروپاوە هاتوونەتە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە ڕۆژی نزای نیشتمانی، هەموو بەشداربووانی نزای نیشتمانی جەختیان لەسەر پێكەوەژیان كردووەتەوە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندراوە."
كلارا عودیشو گوتیشی: "چۆن گەلی كورد و گەلانی دیكەی عێراق بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی بوونەتەوە، گەلی ئێمەش ستەمی زۆری چەشتووە، بووینەتە قوربانی شەڕی تائیفی، بەداخەوە بەپێی ئاماری كەنیسە، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، لە كۆی یەك ملیۆن و 500 هەزار كریستیانی عێراق تەنیا 200 هەزار ماون، ئەوانی تر كۆچیان كردووە."
قائید میرۆ