Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی مافی مرۆڤ بۆ KDP: ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنفرانسێک لەبارەی ھۆکارەکانی کوشتن لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەرپرسێکی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێ، "پێویستە یاسای چەک کارا بکرێت".

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ھیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی بەدەر نییە لە ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن، لە ھەرێمی کوردستانیش دیاردەی خۆکوشتن و کوشتن ھەیە، بەتایبەتی ئەو چەند ڕووداوەی لە مانگی ڕابردوو ئەنجام دران، تێیدا ژمارەیەک ھاووڵاتی بوونە قوربانی، ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی ڕووداوەکان بە ئاگاین، چونکە تاوانی کوشتن و خۆکوشتن دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام پێداگری لەسەر چەسپاندنی یاسا دەکات لەکاتی تۆمارکردنی ڕووداوەکان، خۆشبەختانە ئەو ڕووداوانەی تۆمارکراون ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە".

بەرپرسەکەی دەستەی مافی مرۆڤ گوتیشی، "بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئەو ڕووداوانەی کوشتن بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسا کرایەوە، تا ڕێ لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی کوشتن بگیرێت و ھۆکارەکانیش دەستنیشان بکرێن".

تاڤگە عومەر ڕوونیکردوەوە، "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک کۆنفرانسێک لەسەر پرسی کوشتن و خۆکوشتن لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ھۆکارەکانی کوشتن بەشێوەیەکی زانستیانە دیاری بکرێن و ببنە بنەمای کارکردن بۆ حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ نموونە یاسای چەک کارا بکرێت و ئەو ھۆکارانەی دەبنە سەرھەڵدانی ڕووداوەکان بنبڕ بکرێن".

 

قائید میرۆ