هەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشوازی لە ژمارەیەک نووسەر و ھونەرمەند و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و بەھرەمەندی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ـی ٤ـی ٢٠٢٥، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ھەڤاڵانی بەش پێشوازی کرد لە پۆلێک لە نووسەر و ھونەرمەند و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و وێنەکێش و خۆشنووس و بەھرەمەندی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم پۆلە لە ڕۆشنبیران لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، بەمەبەستی بەشدارییان لە کۆڕیادی ٣٩یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا ھێمن موکریانی لە شاری ھەولێرن و لە میانی سەردانەکەیان بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرکرایەوە.
وێڕای پێشوازی و بەخێرھاتن لەلایەن د.سالار عوسمان، ناوبراو بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵ و توانا و لێھاتوویی ڕۆشنبیرانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی کەلتوور و فەرھەنگ و ئەدەبیات ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی مەزن و باڵادایە، ھەروەھا پشتیوانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بۆ نووسەر و ڕۆشنبیرانی ڕۆژھەڵات دووپاتکردەوە لە ھەر ھەماھەنگییەک بۆ بەرھەم و وەشانەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە دیدارەکەدا، ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدیبانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بە بایەخەوە باسیان لە کارو چالاکی و بەرنامە و پڕۆژەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، کرد بە تایبەت لە گرنگیدان بە چالاکییە ڕۆشنبیریی و کەلتوورییەکاندا، ھەمیشە لەگەڵ باشووردا جیاوازیان ناکات، ئاماژەیان بەوەدا، ھەمیشە ئێرە بە ماڵ و پشتیوانیی خۆیان دەزانین.

