Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر محەمەد شوکری: کۆنگرە و کۆنفرانسە جیھانیەکان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن

ھەولێر  -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی "پڕۆژەی پاڤلیۆن یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستان بە سەرمایەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی کەرتی گەشتوگوزار فراوانتر بێت، گەورەترین مۆڵ لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دروست دەکرێت و دەبێتە فاکتەرێکیش بۆ ئەوەی لە داھاتوو کۆنگرە و کۆنفرانسی جیھانی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێن، بۆیە دەبێتە ڕەمزێک بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان." 

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی پاڤلیۆن پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە و ھەرێمی کوردستان و سەرمایەی پڕۆژە زیاتر لە ملیارێک دۆلارە، ئەو پڕۆژە نەک تەنیا پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و جوانە، لەسەر ئاستی جیھان ھەرێمی کوردستان جوانتر نیشان دەدات و پڕۆەیەکی تەواوە و ھەموو شتێک لەخۆ دەگرێت، گەورەترین مۆڵی لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەراستی تێدا دەبێت، ھەموو براندی دونیای تێدا دەبێت و دەرفەتێکی باشی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت و فراوانتری دەکات." 

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی "پڕۆژەکە چەندین ئۆتێلی پێنج ئەستێرەی تێدایە، ئەویش دەرفەتی زۆری دەبێت بۆ کوردستان بۆ ئەوەی لە داھاتوو کۆنگرە و کۆنفرانسی جیھانی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێن بێ ئەوەی کێشەی مانەوەی خەڵک ھەبێت، پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە و دەستپێکراوە و تا ساڵی ٢٠٢٨ بەشێکی زۆری کۆتایی پێدێت، ئەوەی دیکەش بەپێی کارکردن بەڕێوە دەچێت و دەبێتە ڕەمزێک بۆ داھاتووی ھەولێر و ھەرێمی کوردستان." 

 

بڵند ئیبراھیم