Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد کە بەبۆنەی کردنەوەی حەڤدەھەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە ھەولێر سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە خەباتی گەلی کوردستان و پاڵپشتیکردنی فەرھەنگی پێکەوەژیان و سەقامگیری لە ناوچەکە دەربڕی‌، ھەروەھا ستایشی کولتووری میواندۆستی و ڕۆحی یەکترقبووڵکردن و ڕێزگرتنی گەلی کوردستانیان کرد و وەک نموونەیەکی باڵا و جیاواز لە ناوچەکە وەسفیان کرد.

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرھێنانی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان و قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەلی کوردستان لەدوای ڕاپەڕین، لێبوردە بوو و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەکانی نەبرد و لاپەڕەیەکی تازەی لە ژیانی سیاسیی خۆی کردەوە.

سەرۆک بارزانی لە گوتەکانیدا پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا ھەموو لایەک پابەندی بنەماکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان بن.

لەبەشێکی تری ئەو دیدارەدا لەبارەی کێشە جەوھەرییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی سووریا ئامادەبوان کۆمەڵێک پرسیار و تێبینیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆک بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە.