Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. سەباح بۆ KDP: کۆبوونەوەکەی مەسروور بارزانی و سوودانی کاریگەری لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، چونکە تەنیا ماوە لەسەر ئالیەتێک بگەنە ڕێککەوتن و فشاری زۆر ھەیە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە.

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممەی داھاتوو شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە نوێنەری کۆمپانیاکانیشی لەگەڵ دەبێت، سەردانی بەغدا دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، ھاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کاریگەریی زۆر باشی دەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت لە ماوەیەکی زوودا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

سوبحی گوتیشی، ئەوەی ماوە تەنیا دۆزینەوەی ئالیەتێکە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، بۆیە ماوەتەوە گەرەنتییەک بۆ دانی ١٦ دۆلارەکە بە کۆمپانیاکان و تەرخانکردنی نەوت بۆ ناوخۆ و دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ ھەبێت، بۆیە ئەگەر ئالیەتەکە دیاری بکرێت و ئەو کێشە تەکنیکیانە تەواو بن، ھەناردەی نەوت دەست پێدەکاتەوە، چونکە فشارێکی یەکجار زۆر لە لایەن ئەمەریکا و ئەورووپا و تورکیا و کۆمپانیاکانیش لەسەر حکوومەتی عێراق ھەیە بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم بەو شێوەیە بەردەوام بێت.

ھاوکات دەشڵێت، ئەوەی گرنگە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵات بداتە شاندی خۆی بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئالیەتێک و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، چونکە ھیچ بەربەستێک نەماوە و تەنیا ماوە یاساکە جێبەجێ بکرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بۆیە گەشبینم کۆبوونەوەی شەممە ئەنجامی باشی ھەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم