Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پەراوێزی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا

د.نەھلە ئەفەندی

لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس، سەرۆکی فەرەنسا بەشێوەیەکی شاھانە پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێمی کورستان کرد و کۆبوونەوە، ھەندێک جوڵەی دیپلۆماسی ھەبوون لەسەردانەکەدا جێگای سەرنجی میدیاکانی جیھان بوون، چوونی ماکرۆن بۆ بەردەم ئۆتۆمبێلی نێچیرڤان بارزانی و لەباوەشکردنی، نیشانی ئاستبەرزی پەیوەندییەکەیانە، ماکرۆن گرنگی زۆر بە کەسایەتی و بیرکردنەوەی نێچیرڤان بارزانی دەدات، ھەمیشە وەک نێردەی ئاشتی و دەرچەی چارەسەری گرفتەکان وێنای دەکات، ماکـــرۆن، لەنـــاو پاریســـەوە لـــە کانوونـــی یەکەمـــی ساڵی ٢٠٢٤ بـــە دۆناڵـــد ترەمپـــی ڕاگەیانـــد: ئەگـــەر دەتەوێـــت لـــە چارەســـەرکردنی کێشـــەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسـتدا سـەرکەوتوو بیـت، ئـەوا دەتوانێــت ســوودێکی گــەورە لــە لۆژیکــی ئــەم دەوڵەتمــەدارە وەربگریــت کــە نێچیرڤــان بارزانــی ســـەرۆکی ھەرێمـــی کوردســـتانە، ئەمەش پیشـــاندەری قورســـایی دیپلۆماتیـــی ھەرێمـــی کوردســـتانە لـــە چارەســـەرکردنی کێشـــەکانی ڕۆژھەڵاتـــی ناوەڕاســـتدا.

لەکۆی ئەو ململانێیە نێودەوڵەتییەی لە ناوچەکە لەنێوان ئێران و ئەمەریکا ھەیە، فەرەنسا ھەمیشە وەک ئاراستەی سێیەم بەچارەسەرکردنی گرفتەکان خۆی نیشان دەدات و دەستپێشخەری خۆی ھەبووە بۆ ڕاوەستانی جەنگ لە غەززە، بۆیە ماکرۆن گرنگی زۆر بەئاراستەی دۆزینەوەی ڕێگایەکی سێیەم دەدات لە دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا و ئێران، بۆیە ئامانجی فەرەنسا زیاتر لەوەدایە کە بەشێک نەبێت لە شەڕی ناوچەکە، ئێستاش ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆی ھاوسەنگی ھێزی ھەڵبژاردووە و لەبەرەی ئاشتی و پارێزگاری لە مافی گەلی خۆیەتی، کە ئەمە بەلای فەرەنسا و دەوڵەتە زلھێزەکانی جیھانیشەوە گرنگە، لەڕووی زمانی جەستەوەیە لە دیداری ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی دا، ئەمە بە ئاشکرا ھەستی پێدەکرێت، ماکرۆن بەپێی خۆی سەرجەم قادرمەی بەردەم کۆشکی بری بۆ باوەشکردن لە نێچیرڤان بارزانی.

لەماوەی ڕابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە مامەڵەکردنێکی دروست توانی قەناعەت بە تورکیا بھێنێت کە پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی ھەموولایەکدایە، ھەربۆیە لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنتاڵیا بینیمان کە چۆن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پێشوازی گەرمی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد، ھەنگاوی پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بەپلەی یەکەم فەرەنسا قازانج دەکات، چونکە لەماوەی ڕابردوو گرژی پەکەکە و تورکیا ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر ئەمنیەتی فەرەنساش ھەبوو، ڕۆژانە کادیری پەکەکە و تورکیا لە فەرەنسا ڕووبەڕووی یەکتری دەبوونەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، لە دیداری سەرۆک ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی، لەبەیاننامەیەکی ھاوبەشدا دەڵێن: ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق دووربخرێتەوە لەو شەڕەی لە ناوچەکە ھەیە، فەرەنسا باش لە ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێم تێگەیشتووە لە پرسی ڕاگرتنی سەقامگیری عێراق و دەیەوێت بە نێچیرڤان بارزانی بڵێن کە ئێوە ڕۆڵ ببینن لەوەی سەرکردە عێراقییەکان ھان بدەن بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەم شەڕە.

جیا لەوەش تێڕوانین و دیدگای ھاوبەش لەنێوان ھەردوو سەرۆک ھەیە، بەوەی ئاڵنگاری ناوچەکە پێویستنی بە لۆژیک و عاقڵانەی‌ مامەڵەکردن ھەیە،‌ وەک کێشەی غەززە بە شەڕ چارەسەر نابێت و لەگەڵ گفتوگۆی ئاشتیدا بووە، بەھەمانشێوە سەرۆکی فەرەنساش ھەمان بۆچوونی ھەیە، بەنسبەت فەرەنسا بۆی گرنگە کە لەم قۆناغە جیھان ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە کە بەتایبەت مەترسی تازەن لەسەر ناوچەکە، بەلای ماکرۆنەوە،‌ گرنگە کە تێڕوانینی سەرۆکی ھەرێم بزانێت لەوبارەوە، چونکە سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی گشتی ھێزە چەکدارەکانیشە لە کوردستان و تێدەگات لەوەی دۆخی ناوچەکە چۆنە، جیا لەوەش لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی گرنگی بینووە لە یەکخستنەوەی ھێزە کوردییەکان و ئەمەش بەنسبەت فەرەنسا جێگای ئومێدە، چونکە فەرەنسا خۆی بەبەشێک لەو پرۆسەیە دەزانێت.

بیریشمان نەچێت پەیوەندی فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەش گەورەترە کە باسمان کردووە بڕیارە لە داھاتوودا شەقامێک بەناوی پێشمەرگە بکرێتەوە و لەوێوە سەرۆک بارزانی بانگێشتی کردنەوەی ئەو شەقامەبێت کە من پێم وایە ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگی دیپلۆماسی دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە فەرەنسا بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەی ھەیە لەناوچەکە و خاوەنی تێڕوانینی خۆیەتی لەسەر ئاڵنگاری و چارەسەریکردنی لە ناوچەکە.