Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی پەنجا و پێنج ساڵەی ڕێککەوتنامەی یازدەی ئادار

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی بۆ یادی پەنجا و پێنج ساڵەی ڕێککەوتنامەی یازدەی ئادار په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سەرۆک بارزانی دا هاتووه‌، "ئەو ڕێككەوتنە بەرهەمی تێكۆشان و خەباتی پێشمەرگە و كەوادیری حزب و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ قۆناغەكانی دواتری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە هۆی بەهێزتربوونی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 دەستكەوتێكی مێژوویی و گرنگی خەباتی گەلی كوردستانە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر. بۆ یەكەمین جار حكوومەتی عێراقی دانی بە بەشێك لە مافەكانی گەلی كورد نا و ئەو دەرفەتە هاتە كایەوە گەلی كوردستان بتوانێ كار لەسەر خۆبەڕێوەبردن و بەهێزكردنی زمان و كولتوور و دابینكردنی سەقامگیری بكات. ئەو ڕێككەوتنە بەرهەمی تێكۆشان و خەباتی پێشمەرگە و كەوادیری حزب و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ قۆناغەكانی دواتری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە هۆی بەهێزتربوونی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان.

لە پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان دەنێرین و پێزانینمان بۆ هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە بە كۆڵنەدان و پێداگری و ورەی پۆڵایینیان دەستكەوتی گەروەیان بۆ گەلەكەیان مسۆگەر كرد.

 

مسعود بارزانی

11ی ئاداری 2025