Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبوونه‌وه‌

میونشن-KDP.info-   له‌ میونشن، پاشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا لەگەڵ بەڕێز ژان ـ نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا، بره‌ودان به‌ پەیوەندیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و پته‌وكردنى هاوکاری لە بوارى سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا، باس كرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی گه‌لى كوردستانى بۆ دۆستایه‌تى و پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتگیریی سەقامگیریدا، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان لەگەڵ فەرەنسادا، کردەوە.

لاى خۆیەوە به‌ڕێز وەزیر ژان ـ نوێل بارۆ، گرنگیدانی فەرەنسای بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمى كوردستان لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد و نوێکردنەوەی پابەندیی فەرەنسای بۆ پشتگیری له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌ ئەمنییه‌كاندا، ڕاگەیاند.

پێشهاته‌كانى سووریا، به‌تایبه‌تیش دۆخى كورد له‌و وڵاته‌ و ڕه‌وشى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.