Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێدەکات

ھەولێر-KDP.info- فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایدەگەیەنێت، لە درێژەی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لەژێر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێدەکات و مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ ٢٧ وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە و تێیدا ٢٤٠ ھەزار ١١١ فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی ٢ی ٢٠٢٥، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە درێژەی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا و لەژێر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێدەکات.

ئاماژەی بەوەش داوە، کە مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ ٢٧ وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا ٢٤٠ ھەزار و ١١١ فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاشیدەگەیەنێت: پێدانی زەوی ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە فەرمانبەرانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و زاخۆ.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستووەتەڕوو: ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی ھاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.