Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر و بەغدا لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج ڕێککەوتن

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون کە دەبنە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری و بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمـی کوردستان لە بەغداد لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج گەیشتنە ڕێککەوتن کە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن لە گرنگترینیان.

١- دانان بە پاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.

٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لە کوردستان بدەن.

٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندراو کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنییان بەو کارگانە ڕاگرتووە بەبیانووی نەدانی باج بە حکوومەتی فیدڕاڵی. 

٤- ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.

٥- هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێککەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.

٦- هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.