ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر دەڵێت، ئێمە بووینە پرد و سەکۆیەک بۆ گەیاندنی داواکاریی خەڵک بە لایەنی پەیوەندیدار و حکوومەت، خۆشبەختانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داواکاریی ئێمە بەھەند وەردەگرێت و خزمەتگوزاری لە ھەموو بوارەکاندا پێشکەشی خەڵکی دەکات.
ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی١٦ی پارتی لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھی ھەموو خەڵکی کوردستانە و بۆ ئێمەش وەکو پارتی و بە تایبەت سنووری لقی ١٦، ھێزی براوەین لە حوکمڕانی، بۆیە خەڵک بە گشتی و لە سنووری ئێمەش داواکاریی زۆریان ھەیە بۆ خزمەتگوزاریی ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە و ھەموو ئەو کەرتانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی بەرنامە و پلانێکی تایبەت درێغی نەکردووە و خزمەتگوزاری پێشکەشی ھەمووان دەکات، بۆیە ئێمە وەکو حیزب ھەم سەکۆیەک بووین بۆ گەیاندنی داواکاریی خەڵک لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و هەم پردێکی گەیاندنی داواکاریی ھەموو تاکێکیش بووینە".
نانەکەلی گوتیشی: "ھەر کارێک پێویست بێت بۆ خەڵک و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان بکات، ئێمە گەیاندوومانە بە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار، بۆیە خۆمان وەکو پارێزەری داواکاریی خەڵک زانیوە و پردێکیش بووین بۆ گەیاندنی داواکاریی خەڵک، خۆشبەختانەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەکان زۆر باش ڕایی دەکات و داواکاریی ئێمەش لەبەرچاو دەگرن کە سوودی بۆ خەڵک ھەیە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داواکاریی ئێمە بەھەند وەردەگرێت و لە بەرنامە و پلانی خۆشیان دایدەنێن و چەندین جاریش تیمی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکانیش سەردانی ئێمەیان کردووە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە خەڵک بگرن و بزانن چییان پێویستە و داواکاریی ئێمە و خەڵکیش وەردەگرن، بۆیە ئێستا خەڵک دەتوانێت ڕاستەوخۆش پەیوەندی بە حکوومەتەوە بکات بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان و حکوومەتیش زۆر دڵسۆزانە بەدەم داواکاریی خەڵکەوە دێت، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت".
بڵند ئیبراھیم