ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک گەنج و لاوی سنووری لقی ١٦ی هەولێر کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی٤ی٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق و بە ئامادەبوونی ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی ١٦ و چیا ھەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ھەریەک لە ئاسۆ بالیسانی و بایز زراری ئەندامانی مەکتەب، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک گەنج و لاوی سنووری لقی ١٦ ئەنجامدا.
لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان بە خوێن و خەباتی ھەزاران شەھید ھاتۆتە بەرھەم، بە دڵنیاییەوە تاوەکو سەرۆک و سەرکردەمان جەنابی سەرۆک بارزانی بێت، ئەوە ئەم قەوارە دەستوورییە ھەر بە بەھێزی و ئاوەدانی دەمێنێتەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر ئاماژەی بەوەکرد، پارتی ھەمیشە بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە، بەڵام ھەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد کە دەرئەنجامەکەی دەرخەری دەنگی خەڵک و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بێت، نەوەک ھەڵبژاردنێک پێشوەختە دەرئەنجامەکەی دیزاین کرابێت.
لە تەوەرێکی تری وتەکەیدا، دکتۆر پشتیوان باسی لەوەکرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن قەزییە و، خۆی بە پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەزانێت، بۆیە پاراستنی دەستکەوتە بەدیھاتووەکانیش ئەرکی ھەموومانە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆری بە توێژی گەنج و لاوان داوە، تاوەکو سوود لە بەھرە و تواناکانیان وەربگرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی ١٦، وتەیەکی پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد کە گەنج و لاوانمان، دەتوانن بەھێز و بازوو و داھێنانەکانیان، داھاتووی کوردستان جوانتر و ڕووناکتر و پڕشنگدارتر بکەن.