Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تەندروستی دھۆک: بریندارەکانی حەمدانیە لە دھۆک چارەسەر دەکرێن

شەوی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی ھەواڵی ڕووداوێکی دڵتەزێن لە شارۆچکەی حەمدانیەی سەربە پارێزگای نەینەوا ھەژدە تیمی تەندروستی دھۆک گەیشتنە حەمدانیە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی دھۆکیش گوتی: تیمەکانمان ٢٠ برینداریان گواستوونەتەوە نەخۆشخانەکانی دھۆک و لەژێر چاودێری پزیشکین.


حەمزە ڕەزیکی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: شەوی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی ھەواڵی کارەساتەکەی حەمدانیە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دھۆک کەوتە حالەتی ئامادەباشی و ھەر شەوی ڕابردوو ھەژدە تیم لە دھۆکەوە ڕەوانەی قەزای حەمدانیەی سەربە پارێزگای نەینەوا کران و بە ھانای بریندارانی کارەساتەکەی ئەو شارەوە چوون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی دھۆک گوتیشی: شەوی ڕابردوو ٢٠ بریندار گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دھۆک و لەلایەن تیمی پزیشکی دھۆکەوە چارەسەر دەکرێن، بەداخەوە بەھۆی سەختی برینەکەی یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە و دوو برینداری دیکەش بەھۆی باشبوونی رەوشی تەندروستییان ڕەوانەی ماڵەوە کراون.

حەمزە ڕەزیکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێستا حەڤدە بریندار لە نەخۆشخانەکانی دھۆک چارەسەر دەکرێن و  ڕەوشی تەندروستییان جێگیر نییە، چونکە ڕێژەی سوتانیان زۆرە، جگە لەوانەی گوازراونەتەوە دھۆک تیمەکانمان شەوی ڕابردوو ژمارەیەک برینداریان گواستوونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی حەمدانیە.

قائید میرۆ