Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمسیۆن ناوی کاندیدانی ھەڵبژاردن پەسەند دەکات

بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەخموور ئاشکرایکرد، ئامادەکاری تەواو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کراوە و بڕیارە لەچەند ڕۆژی داھاتوو کۆمسیۆن ناوی کاندیدەکان پەسەند بکات و ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنیش دیاری دەکرێت.

یەحیا پالانی، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەخموور بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و دوێنێ دەنگدانی ئەزموونی لە مەخموور بەڕێوەچوو تا ڕادەیەکی باش پرۆسەکە کێشەی نەبوو ئەگەر لە ڕۆژی ھەڵبژاردنیش بەو شێوەیە بێت کێشەی دەنگدان کەم دەبێت.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی کاندیدانی ھەڵبژاردن پەسەند بکات و ناوەکانیان بڵاو بکرێتەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوی کاندیدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنیش دیاری دەکرێت.
لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکانیش یەحیا پاڵانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە سنووری قەزای مەخموور یەک کەمپی ئاوارە ھەیە ئەویش کەمپی دیبەگەیە و زۆربەی دەنگدەرانی ناو کەمپەکە لە کۆمسیۆن خۆیان تۆمارکردووە و لە ڕۆژی دەنگدان لەناو کەمپی دیبەگە بەشداری پرۆسەکە دەکەن، ئەوانەیشی ناویان تۆمار نەکردووە یانیش ناویان نەگەڕاوەتەوە دەتوانن بچنە شوێنی پێشووی خۆیان بۆ دەنگدان.
قائید میرۆ