Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی حەفتا و حەفت ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

هەولێر -KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 77 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاویکردەوە و تێیدا رایگەیاند، پارتی و ڕێبازی بارزانی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەمیشە جێگەی ئومێد و دەست و بازووی بەهێزی کوردستان و پارێزەر و بەرگریکاری دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانن.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتی و کەوادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، "لەو یادەدا پێزانینم بۆ خەبات و قوربانیدانی جەماوەری پارتی هەیە کە لە قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەکاندا هەردەم هەوێنی خۆڕاگری و بەردەوامی و کۆڵنەدان و بەهێزتربوونی دۆزی گەلی کوردستان بوونە".

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی حەفتا و حەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتی و کەوادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خەباتگێڕ و ئازادیخوازان دەکەم.

لەو یادەدا پێزانینم بۆ خەبات و قوربانیدانی جەماوەری پارتی هەیە کە لە قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەکاندا هەردەم هەوێنی خۆڕاگری و بەردەوامی و کۆڵنەدان و بەهێزتربوونی دۆزی گەلی کوردستان بوونە.

پارتی و ڕێبازی بارزانی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا  هەمیشە جێگەی ئومێد و دەست و بازووی بەهێزی کوردستان و پارێزەر و بەرگریکاری دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانن و پێویستە سەرکردایەتی و جەماوەر و ئەندامانی پارتی لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدا بن.

نەمریی بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

 

مسعود بارزانی

16ی ئابی 2023