Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی: پێویستە لایەنەکان و پەرلەمانیش ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکەن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، سبەی وەکو وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق دانراوە و گفتووگۆش بەردەوامە بۆ ئەوەی لەبارەی پشکی ھەرێم بگەینە رێککەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش نزیکبوونەوە ھەیە و پێویستە لایەنەکان و پەرلەمانیش پابەندی ئەو رێککەوتنە بن کە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق کراوە.

دکتۆرە ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتووگۆ لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، چونکە وادەی دەنگدان لەبارەی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە کە سبەیە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو رێککەوتنەی لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە جێبەجێ بکرێت وەکو خۆی بێ گۆڕانکاری و دەستکاریکردن، بۆیە نزیکبوونەوە ھەیە لەسەر ئەو پرسە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن".

سەبری گوتیشی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان سازش لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان ناکەین و پێویستە مافەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستوور بدرێت و کاری لەسەر دەکەین کە لە پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق جێگیرکراوە تا کاتی دەنگدان، چونکە کە بوودجە دێتە ناو پەرلەمان دوو پێشنیارە ئەوەی ئەسلیەکە بێ گۆڕانکاری و ئەوەی کە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر داوە و گۆڕانکاری تێدا کردووە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەشکرد: "پێویستە لایەنە سیاسیەکان کە لەئیدارەی دەوڵەت پێکھاتوون و پەرلەمانیش رێز لەو رێککەوتنانە بگرن و جێبەجێی بکەن کە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێن، چونکە کاتی پێکھێنانی حکوومەت ھەندێک بڕگەی تێدابوو لەبارەی ھەرێمی کوردستان کە قبوڵیان کردووە، لەوانە سەر پشککردنی ھەردوو سەرۆکوەزیران بۆ رێککەوتن لەسەر بوودجە و ھەر کارێک دژی ھەرێم بوەستێت و ھەماھەنگی ھەبێت لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەموو پرسەکان".

 

بڵند ئیبراھیم